هەنگاو: لەماوەی ساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا، ٨٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دادگاکانی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی، مەدەنی و کرێکاری بە بەندکران، سێدارە و لیدانی قامچی حوکم دراون.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، لەماوەی ساڵی ٢٠١٧ دا، ٧٥ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی، کرێکاری و مەدەنی سەرجەم بە ٥٣٥٦ مانگ بەندکران (نزیک بە ٤٥٠ ساڵ) حوکم دراون.  هەروەها چوار هاووڵاتی حوکمی سێدارە و چوار هاووڵاتیش حوکمی لێدانی قامچی و هاووڵاتییەکیش حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە.

 

تۆمەتە وەپاڵخراوەکان

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ٥٠ هاووڵاتیی کورد  بە تۆمەتی چالاکی سیاسی سەرجەم ٣٦٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە، هاووڵاتییەکیش حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی و ٣ هاووڵاتیش حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها ١٢ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی ٧٦ ساڵ بەندکراو و هاووڵاتییەکیش حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

دە چالاکی مەدەنی لەسەر یەک بە ٩ ساڵ بەندکران و دوو چالاکی کرێکاریش ١٤ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپێندراوە.

لەلایەکی دیکەوە، چوار هاووڵاتیی کورد کە دوو کەسیان ژن بوون بە تۆمەتی چالاکی سیاسی سەرجەم ١٧٠ زەربە قامچییان بۆ بڕاوەتەوە.

 

ژنان

لەماوەی سالی ٢٠١٧ دا، ٥ ژنی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی لەلایەن دادگاکانی ئێرانەوە حوکمی بەندکران و لێدانی قامچییان بۆ بڕاوەتەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە سێ چالاکی ژن سەرجەم بە ٣٢ مانگ بەندکران و دوو چالاکیش بە لێدانی ١٠٠ قامچی و بە دانی دوو میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن غەرامە مەحکووم کراون.

 

چالاکانی میدیایی

لەساڵی ڕابردوودا ٥ چالاکی میدیایی بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی سەرجەم ١٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ناو و نازناوی و زانیاری ورد لەسەر ئەو ٨٤ کەسە لە ناوەندی ئاماری ”هەنگاو“ تۆمار کراوە .

 

کەڵک وەرگرتن لەم ئامارە بە مەرجی ئاماژە بە سەرچاوە (هەنگاو) ڕێگاپێدراوە

سه‌یری ئه‌م بابه‌ته‌یش بكه‌

سنە / بەندکراوێکی دیکە بە شێوەی گوماناوی گیانی لە دەست دا

هەنگاو: بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە