بەردەوامی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کورد، ٩ هاووڵاتی لە ماوەی یەک هەفتەدا دەستبەسەر کراون

10:03 - 12 December 2018

 

هەنگاو: بە ئەژمارکردنی دەستبەسەر کرانی دوو هاووڵاتی لە پیرانشار و ئورمیە، لە ماوەی یەک هەفتەدا لانیکم نۆ هاووڵاتی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێ شەممە(٢٠ سەرماوەزی ٢٧١٨/ ١١ی دێسامبری ٢٠١٨) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵیان بە ناوی ”سولەیمان محەممەدنەژاد“یان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو گەنجە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی سەرماوەز هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٦ ساڵی خەڵکی ئورمیە بە ناوی ”جەماڵ مەحموودزادە“ کوری عەبدوڵڵا دەستبەسەر کراوە.

تا ئێستا هیچ زانیاریەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لە بەردەست نیە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوو، لانیکەم ٩ هاووڵاتی کورد لە شارەکانی سنە، ئورمیە، پیرانشار، بۆکان و سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.