حوکمی سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسی کورد هەڵوەشایەوە

00:25 - 4 February 2019

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەهاباد و شنۆ هەڵوەشایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حوکمی سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی ئەرسەلان خودکام خەڵکی مەهاباد و مەحیەدین ئیبراهیمی خەڵکی شنۆ،  لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و حوکمی ئەرسەلان خودکام بۆ ١٠ ساڵ بەندکران کەم کراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی یەکشەممە (١٤ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ / ٣ی فێوریەی ٢٠١٩)، حوکمی سێدارەی ئەرسەلان خودکام دوای ئەوەی کە داوای پێداچوونەوەی لە لقی ٢ی دیوانی بەرز وڵاتی ئێران کردبوو، هەڵوەشاوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە ئەمڕۆ دادگای سەربازی تاران بە فەرمی بە باوکی ئەرسەڵان خودکامیان ڕاگەیاندووە کە حوکمەکەی هەڵوەشاوەتەوە و بۆ ١٠ ساڵ بەندکران کەم کراوەتەوە.

 ئەرسەلان خودکام، کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژ (هاوین) لەلایەن لقی ٣٢ی دادسەرای سەربازیی ئورمیەوە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی مەهابادە کە بۆ ماوەی ١٦ ساڵە ئەندامی سپای پاسداران بووە.

لەلایەکی دیکەوە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی سێدارەی مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسی خەڵکی شنۆ لەلایەن دەزگای دادوەریی ئورمیەوە هەڵوەشاتەوەتەوە و پەروەندەکەی بە مەبستی پێداچوونەوە و لیکۆڵینەوەی مەیدانی ڕەوانەی ناوەندە پەیوەندییدارەکانی شاری شنۆ کراوەتەوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی ئاڵکاوێی شنۆ  لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە ،بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.