دوو لاوی کورد لە بانە و سەرپێڵی زەهاو دەستبەسەر کران

18:50 - 23 December 2018

 

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو لاوی کوردیان بە تۆمەتی هاوکاری حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران لەشارەکانی سەرپێڵی زەهاو و بانە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە (٢٩ی سەرماوەزی ٢٧١٨ / ٢٠ی دێسامبری ٢٠١٨)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ”عوسمان فەرەجی“ و دەستبەسەریان کردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی فەرەجی کە بەهۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات وێڕای دەستبەسەر کردنی عوسمان ماڵەکەشیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەرەستە تایبەتیەیکانی وەکوو لەبتۆب و موبایلی و... هتد گرتووە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت لەشاری سەرپێڵی زەهاو لاوێکی کوردیان بە ناوی ”سابیر خوشایەند“ خەڵکی گوندی ”ڕەمک“ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوەتەوە.

ئەو دوو لاوە کوردە بە تۆمەتی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون و هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نیە.