دەستبەسەر کرانی سێ هاووڵاتیی کورد لە سنە و ئورمیە

13:29 - 9 March 2019

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سێ هاووڵاتی خەڵکی سنە و ئورمیە دەستبەسەر کراون کە یەکێک لەوانە دوای یەک رۆژ دەستبەسەرکران ئازاد کراوە.

بەپێی هەواڵی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممەی حەفتەی ڕابردوو(١١ی رەشەمەی ٢٠١٧٨ / ٢ی مارسی ٢٠١٩) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هاووڵاتیەکی کوردی بە ناوی “مەجید رەزمارا” بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کردووە.

سەرەرای تێپەربوونی یەک حەفتە لە دەستبەسەربوونی ئەو هاووڵاتیە کوردە، هیچ هەواڵێک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نیە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەمە(٩ی رەشەمە/٢٨ی فێوریە) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە هاووڵاتییەکیان بە ناوی “شاهین گەلەداری” بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەیان گواستووەتەوە.

هەروەها جەماڵ ئەسەدی یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و ئەندامی گورپی شاخەوانی”چل چەمە” ڕۆژی سێشەمە (١٤ی رەشەمە/ ٥ی مارس) دوای بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە دەستبەسەر کرا.

ئەو چالاکە مەدەنیە ڕۆژی چوارشەمە و دوای یەک رۆژ بەندکران ئازاد کراوە.