لانیکەم ۱۰۷ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون

لانیکەم ۱۰۷ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون

05:45 - 21 August 2021

 

هەنگاو: لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۱۰۷ چالاکی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنه و ئورمیە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە دەستبەسەر کراون.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو مانگی پووشپەر و  گەلاوێژدا، لانیکەم ۱۰۷ کەس لە چالاکانی کورد لە شارەکانی کوردستان لە لایەن هیزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و ۹۸ کەسیان هەروا  لە دەستبەسەریدا ڕاگیراون.

بە گوێرەی ئەو ئامارانە لە مانگی پووشپەڕدا ۴۲ کەس و لە مانگی گەلاوێژیشدا ۶۵ چالاکی کورد دەستبەسەر کراون  و زۆربەی ئەو کەسانەش بە تۆمەتی چالاکایی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون. پێنج ژن و مێرمنداڵێکی ۱۷ ساڵەش لە نێو دەستبەسەرکراواندان.

هەروەها، لانیکەم ۱۸ هاووڵاتیش لە کاتی ناڕەزایی دەربڕینەکان لە شارەکانی کرماشان و نەغەدە دەستبەسەر کراون.

لە کۆی ئەو ۱۰۷ کەسەی دەستبەسەر کراون، ۸ کەسیان بۆ جێبەجێ کرانی سزاکەیان گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانە و دوو کەسیشیان لە شارەکانی تاران و ئیسفەهان دەستبەسەر کراون.

 

جیاکردنەوە بە پێی تۆمەتی وەپاڵخراو

چالاکانی سیاسی: ٨٠ حاڵەت کە دەکاتە ٧٥٪ی کۆی حاڵەتەکان

بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان: ١٨ حاڵەت کە دەکاتە ١٦.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان

چالاکانی مەدەنی: ٥ حاڵەت کە دەکاتە ٤.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان

چالاکانی مەزهەبی: ٤ حاڵەت کە دەکاتە ٤٪ی کۆی حاڵەتەکان

 

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان

پارێزگای ئورمیە: ٦١ حاڵەت

پارێزگای سنە: ٢٥ حاڵەت

پارێزگای کرماشان: ٢٠ حاڵەت

پارێزگای ئیلام: ١ حاڵەت