لە کامیاران هاووڵاتییەک دەستبەسەر و ٤ بەندکراو ئازاد کران

15:00 - 22 February 2019

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی کامیاران دەستبەسەر و چوار چالاکی کرێکاری دەستبەسەر کراویش لە بەندیخانە ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە (٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ / ١٧ی فێوریەی ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی دێوەزناویان بە ناوی ”فەرزاد حوسێنی“ دەستبەسەر کران.

فەرزاد حوسێنی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەل حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر و دوای نزیک بە یەک حەفتە چارەنووسی نادیارە.

لەلایەکی دیکەوە، چوار چالاکی کرێکاری خەڵکی کامیاران بە ناوەکانی مێهرداد سەبووری، ئارام محەمەدی، ئومید ئەحمەدی و شاهۆ سادقی کە کۆتایی سالی ٢٠١٨ بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان دەستبەسەر کرابوون، لە بەندیخانە ئازاد کران.

ئەو چوار چالاکە کرێکارییە پێشتر حوکمی ٣ مانگ هەتا یەک ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو کە دوای دوو مانگ ئازاد کراون.