مامۆستایەکی کورد حوکمی ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

14:50 - 19 April 2019

 

هەنگاو: مامۆستایەکی قوتابخانەی خەڵکی شاری دیواندەرە لەسەر سکاڵای سپای پاسداران لەلایەن دەزگای دادوەری ئێران حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ”عەتائوڵڵا ئەحسەنی“ مامۆستای قوتابخانەی خەڵکی دیواندەرە حوکمی ٧ ساڵ بەندکرانی بە فەرمی پێ ڕاگەیەندراوە.

ئەو حوکمە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ئەو شارە و مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو دەرچووە.

بەپێی ئەو حوکمە، عەتائوڵڵا ئەحسەنی بە تۆمەتی ”بڵاوکردنەوەی ”درۆ و دەلەسە“ حوکمی ٢ ساڵ و بە تۆمەتی“ بێ ڕێزی کردن بە پیرۆزییەکان“ حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری، بەسەردا سەپێندرا.

عەتائوڵڵلا ئەحسەنی ماوەی ٢٨ ساڵە مامۆستای قوتابخانەیە و ئێستا قوتابخانەی دواناوەندی ڕازی شاری دیواندەرە وانە دەڵێتەوە.

ئەو مامۆستا کوردە لەسەر سکاڵا و ڕاپۆرتی سپای پاسداران دەستبەسەر و حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.