هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار حوکمی ٣٣ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

00:09 - 19 October 2019

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە حەفتەی ڕابردوو دوو برایشی لەکاتی کۆڵبەری بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران کوژران، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی ”قەبری حوسێن“ سەر بە پیرانشار بە ناوی ”محەمەد مورادی“ کوڕی ئەحمەد لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە حوکمی ٣٣ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مورادی وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە محەمەد لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووە.

محەمەد مرادی کە شەش مانگ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە، مانگی خەرمانانی ٢٧١٧ (٢٠١٧) لەو حیزبە پاکانە حیسابی کردووە و چووەتەوە ئێران و ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەرچەند محەمەد خۆی تەسلیم کردووە، بەڵام سپای پاسداران لە ڕێگای یەکێک لە ئەندامەکانی خۆیەوەی بە ناوی ”عەلی ئاتەش بەرگ“ پەروەندەیەکیان بۆ کردووەتەوە و وایان نیشان داوە کە محەمەد لەکاتێکدا ٣ چەکی پێ بووە دەستبەسەر کراوە.

محەمەد مورادی دوای دەستبەسەر کران بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە و دواتر بۆ بەندیخانەی نەغەدە گوازراوەتەوە و ئێستا لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.

جێگای ئاماژەیە کە دوو برای محەمەد بە ناوەکانی ”عەبدوڕەحمان و سادق“ ڕۆژی دووشەممە لەکاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران گیانیان لە دەست دا.