هاووڵاتییەکی کورد حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هاووڵاتییەکی کورد حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

22:48 - 30 July 2020


هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە کە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، تاریق ڕەحیم‌پوور، خەڵکی گوندی ئەوێهەنگی شاری سنە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تاریق ڕەحیم‌پوور بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران حوکمی ٤ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی ” بێ ڕێزی بە نیزام و هێزە ئەمنییەکان“ حوکمی یەک ساڵ بەندکراوی بەسەردا سەپاوە. بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، زیاترین حوکم واتە حوکمی ٤ ساڵ بەندکران دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

طاریق ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٣ی مەی ٢٠٢٠)، هاوڕێ لەگەڵ برایەکی دیکەی بە ناوی بنیامین ڕەحیم پوور لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و هەر دوویان ڕێکەوتی ٣ی جۆزردان بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا ئازاد کرابوون.