هەشت چالاکی سەقزی لەو تۆمەتەی خرابوویە پاڵیان بەری کران

14:36 - 31 December 2018

 

هەنگاو: هەشت چالاکی مەدەنی خەڵکی سەقز کە بە هۆی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ساڵی ٢٧١٦ لە گوندی ئایچی تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی بیرو ڕای گشتی و پڕوپاگەندە دژی نیزامیان خرابوویە پاڵ، لەو تۆمەتانە بەری کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ دووشەممە (١٠ی بەفرانباری ٢٧١٨ / ٣ی دێسامبری ٢٠١٨)، هەشت چالاکی مەدەنی خەڵکی سەقز کە لەلایەن دادگای ئەو شارەوە بە هۆی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمێکی نەورۆز  تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی بیرو ڕای گشتی و پڕوپاگەندە دژی نیزامیان خرابوویە پاڵ، لەو تۆمەتانە بەری کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند، کە ئەو هەش کەسە لەلایەن دادگای شۆڕشەوە لە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام بەری کراون و هاوکات دادگای گشتی شاری سەقزیش بڕیاری ڕاگرتنی بەدواداچوون لەمەڕ تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێكدانی بیروڕای گشتی بۆ ئەو کەسانە دەر کردووە.

ئەو هەشت کەسە بە ناوەکانی سەید عەلی حوسەێنی، مامۆستا، سڵێمان عەبدی مامۆستا، موحەممەد عابدی، نوسەر ،  لوقمان قورەیشی، مزەفەر ئیبراهیم پووڕ چالاکی ژینگەپارێز، هەژار شەریفی، عەتا ڕەحمان زادە ناسراو بە عەتا شەماڵ و مامۆستا مەلا حەسەن مەحموودی بەرنوێژی گوندی کانی نیاز لەماوەی دووساڵی ڕابردوودا چەندین جار بانگهێشتی دادگای شۆڕش و دادگای گشتی شاری سەقز کراون.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری سەقز ڕایگەیاند کە تەنیا سڵێمان عەبدی، لوقمان قوڕەیشی و سەید عەلی حوسێنی پارێزەریان هەبووە و پارێزەرەکەیان کاوە عەلیزادە بووە، پارێزەری ئەوانی دیکە دوور خراونەتەوە.