هەنگاو ناسنامەی چوار کەسی دیکە لە گیراونی جوانڕۆ ئاشکرا دەکات

11:50 - 16 January 2020

 

هەنگاو: دوای تێپەڕینی دوو مانگ بە سەر خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر بەشێکی لە دەستبەسەر کراوانی شاری جوانڕۆ هێشتا لە بەندیخانەن و هەنگاو ناسنامەی چوار کەسی دیکەیان ئاشکرا دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، چوار هاووڵاتیی خەڵکی جوانڕۆ کە هاوکات لە گەڵ خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەو شارە دەستبەسەر کراون، هێشتا دەستبەسەرن و لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان ڕاگیراون.

ناسنامەی ئەو چوار هاووڵاتییە کە بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە و هەتا ئێستا لە هیچ میدیایەک بڵاو نەبووەتەوە بە شێوەی خوارەوەیە؛

١_ یاوەر ئەمیرخانی ٢_ یاسر ئەحمەدی ٣_ مەیسەم محەمەدی نوور ٤_ بەختیار زارعی

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چوار کەسە ئێستا لە گەڵ کەسێکی دیکەی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی ئیحسان ئەحمەدی لە بەندیخانەی دێزڵئاوا ڕاگیراون.

یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی جوانڕۆ کە بە تازەیی ئازاد بووە و لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بیت، لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ”هەر لە سەرەتای دەستبەسەر کرانەوە بە مەبستی وەرگرتنی دانپێدانان لە ژێر ئەشکەنجەیەکی سەخت بووین. هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی توندوتیژی ئێمەیان ناچار کردووە کە بلێێن لە هێزە ئەمنییەکانمان داوە و زیانمان گەیاندووە ئیدارە حکوومەتییەکان و ئیسپری بیبارمان ڕژاندووە بە دەمووچاوی هێزە ئەمنییەکان“.