پەریسا سەیفی بە بارمتە ئازاد کرا

پەریسا سەیفی بە بارمتە ئازاد کرا

23:30 - 23 February 2020

 

هەنگاو: پەریسا سەیفی، چالاکی فەرهەنگی و مەدەنی خەڵکی کامیاران سەر بە پارێزگای سنە (کوردستان) کە ماوەی دوو حەفتە بوو مانی لە خواردن گرتبوو، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (٢٣ی فیوریەی ٢٠٢٠)، پەریسا سەیفی، چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی خەڵکی کامیاران پاش زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا، ئازاد کرا.

 

ناوبراو لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (٩ی فێوریەی ٢٠٢٠)  بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونی چارەنووسی و هەروەها گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، مانی لە خواردن گرتبوو.

پەریسا سەیفی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای شاری سنە  بە تۆمەتی بەشداری لە خۆپێشاندنەکانی خەڵکی کوردستان بە مەبەستی شەرمەزار کردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان  لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.

پەریسا سەیفی خوێندنی لە بەشی هونەر تەواو کردووە و پێشتریش ئەندامی ئۆرکێستراکی فلارمۆبیکی سنە بووە. ناوبراو لە فلمی “مەینەتی” ڕۆڵی گێڕاوە و ساڵی ٢٠١٧ یەکێک لە بەشداربوانی پرۆگرامی هونەری کورد ئایدڵ بووە.