چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی سەوڵاوا دەستبەسەر کرا

11:34 - 20 February 2019

 

هەنگاو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان چالاکێکی ژینگەپارێزی دانیشتووی ئەو شارەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٦ی ئیوارەی ڕۆژی یەک شەممە (٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ / ١٧ی فێوریەی ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چالاکێکی ژینگەپارێز بە ناوی ”ئیرەج ڕەحیم زادە“ خەڵکی گوندی ڕواری سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان و دەستبەسەریان کردووە.

ئیرەج ڕەحیم زادە تەمەن ٤٠ ساڵ و یەکێک لە چالاکانی ژینگەپاریزی دانیشتووی مەریوان   بووە کە هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەر کرانی ماڵەکەشیان پشکنیوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە کوردە دوای دەستبەسەر کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازراوەتەوە و چارەنووسی نادیارە.