ژنێکی مەریوانی لە لایەن مێردەکەیەوە ڕفێندرا

19:59 - 27 March 2019

 

هەنگاو: ژنێکی لاوی مەریوان کە لە چەند ساڵ پێشەوە داوای جیابوونەوەی کردبوو، بەڵام بە کارشکێنی بەرپرسانی دەزگای دادوەری بێ ئاکام مابوویەوە، لەلایەن هاوژینەکەی و برای هوژینەکەیەوە ڕفێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١١ی ڕۆژی سێشەممە (٦ی خاکەلێوەی ٢٧١٩ / ٢٦ی مارسی ٢٠١٩)، ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی مەریوان بە ناوی ”گۆنا هووشمەند“ لە بێش دەرگای یانەی مانگی سووری ئەو شارەوە لەلایەن هاوژینەکەی و برای هاوژینەکەیەوە ڕفێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی هووشمەند، گۆنا لە لایەن هاوژینەکەی بە ناوی ”محەمەد ئەیوەزە“ و براکەیەوە ڕفێندراوە و لەو ڕووەوە محەمەد پاسپۆرتی نیە، ئەگەری زۆری هەیە لە ڕیگای بانەوە بەرەو دەرەوەی ئێران بردبێتیان.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە گونا کاتێک تەمەنی ١٦ ساڵ بووە لە محەمەد مارە کراوە و ماوەی ٤ ساڵە داوای تەڵاقی کردووە، بەڵام بە هۆی کارشکێنی دەزگای دادوەریی ئێران بێ ئاکام ماوەتەوە و کەیسەکەی هەر وا ماوەتەوە و لەو چەند ساڵەدا لە ماڵ باوکی ژیانی بەسەر بردووە.

هەنگاو لەم بارەوە پەیوەندی بە پارێزەری گونا گرتووە و ناوبراو وتی کە ” گونا و محەمەد شەرعەن هیچ جۆرە پەیوەندییەکی ژن و مێردایەتییان نەماوە و ئەمەش لە لایەن شوورای رووحانیەتەوە پشتڕاست کراوەتەوە“.

خاتوو گوڵاڵە وەتەندووست پارێزەری گونا لە درێژەدا وتی: ”پێش ئەوەی من پارێزەری گونا بە ئەستۆ بگرم، ناوبراو پێشتریش داوای جیابوونەوەی کردبوو، بەڵام بە هۆی حازر نەبوونی شایەتحاڵەکان بە پێچەوانەی ئەوەی پێشتر ئامادەییان دەر بڕیبوو و پەروەندەکەی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی سنە لقی حەفتەمی دیوانی بەرزی وڵاتەوە ڕەد کرابووە و داواکارییەکەی قەبووڵ نەکرابوو“.

بە وتەی پارێزەری خاتوو هوشمەند، ناوبراو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا حازر بووە لە بەرانبەر وەرگرتنی تەڵاق لە مارەییەکەی و زێڕەکانی خۆش بێت ، بەڵام بە داخەوە  دادوەرەکان لەو کەیسانەی کە ژنەکان دەیانهەوێ جیا ببنەوە زۆر تەگەرە دروست دەکەن و ئەمە لە حاڵێکدایە کە پیاوەکان بە بێ هیچ هۆکارێک و لە هەر حاڵێکدا بیانهەوێ دەتوانن ژنەکانی خۆیان تەڵاق بدەن.“

لەم کەیسەدا پیاوەکە هێندیک کـێشەی تایبەتیشی هەبووە کە لەبەر  پاراستنی کەسایەتی ناوبراو و هەروەها ڕەچاوکردنی ئەخلاقی میدایی لەلایەن هەنگاوەوە باس نەکراوە.