ئیتلاعاتی مەریوان بە نیازی پەروەندە سازییە بۆ چالاکانی دەستبەسەر کراو

14:57 - 22 May 2019

 

هەنگاو: ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان لە ڕێگەی جۆراوجۆر دەیهەوێ گوشاری بخاتە سەر چالاکانی مەدەنی ئەو شارە و لە هەوڵدایە بۆ دەستبەسەرکراوانی حەفتەی ڕابردوو  پەروەندە سازب بکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای دەستبەسەرکرانی لانیکەم حەوت چالاکی مەدەنی مەریوان کە لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەی دژ بە توندوتیژی دژی ژنان دەستبەسەرکرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کران، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان لە هەوڵی پەروەندەسازی دژی ئەو چالاکانەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند، ئیدارەی ئیتلاعات بنەماڵەی نەرمین وەتەنخای خستووە ژێر گوشار کە دەبێت سکالا دژبە چالاکانی مەدەنی مەریوان تۆمار بکەن کە کوژرانی کچەکەمان لە ژیر ناوی شەرەف نەبووە و ئەو کەسانە بەو کارە ئابرووی ئێمەیان بردووە و تۆمەتیان لی داوین.

ڕۆژی شەممە (٢١ی بانەمەڕی ٢٧١٩/ ١٦ی مەی ٢٠١٩) تەرمی نەرمین وەتەنخا تەمەن ٢٣ ساڵ لە مەریوان دۆزرایەوە.

  ڕۆژی پێنجشەممە (٢٦ی بانەمەڕی/ ١٩٧ مەی) هێزەکانی حکومەتی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ئاوایی کۆڵان و لانیکەم ٧ کەسیان لە چالاکانی مەدەنی مەریوانیان دەستبەسەر کردووە.

لە رێکەوتی (٢٨ی بانەمەڕی/ ١٨ی مەی) سومەیە روزبە، دیمەن فەتحی و محەمەد دانش دوای بانگ کران، سەردانی دادسەرای گشتی لقی چواری دادگای شۆرشی مەریوانیان کردە.دادوەر ئەو سێ کەسەی بە تۆمەتی تێکدانی نەزمی کۆمەلگا تۆمەتبار کرد و دواتر بە دانانی بارمتەی ٢٥ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

یەکێک لە نزیکانی محەمەد دانش لەو بارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات سەرەڕای گوشارەکانیان نەیانتوانیوە پێش بە ناو براو بگرن کە بە نیسبەت ئازر و ئەشکەنجەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سکاڵا بکات، هەر بۆیە بەم شێوەیە خەریکە گوشار دەخەنە سەر چالاکانی مەدەنی.
 

لە لایەکی دیکەوە هەشت ئەنجومەنی ئەدەبی مەریوان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاندووە کە”ئێمە چالاکانی مەدەنی و ئەنجومەنە مەدەنیەکانی مەریوان بە نسبەت دروستبوونی بارودۆخی نەخوازراو و لە ژێر پێنانی کەرامەتی دەستبەسەکراوان، لە دەزگا پەیوەندیدارەکان داوا دەکەین بە زووترین کات، بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکەن و ئەو کەسانە سزا بدرێن”.