دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی ١٢ هاووڵاتی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە پیرانشار

منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ بە ناوی کاران فیرووزی و ١٠ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی باپیر بەرزە، سەلام نیکمەنش، وەهاب محەممەد پوور، سەنعا

٥ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٩:٠٠


هەنگاو: شەممە، ۵ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ بە ناوی کاران فیرووزی و ١٠ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی باپیر بەرزە، سەلام نیکمەنش، وەهاب محەممەد پوور، سەنعان ئەبووبەکر لاجانی، زانا چەم، هاوا محەممەدی، سەلاح محەممەدی، مستەفا غەنی پوور، یوونس ئاڵی و ئەرسەلان ڕووکە لەلایەن هێزە حکومەتییە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری پیرانشار ڕفێندراون و هاووڵاتییەکی تر بە ناوی خدر محەممەدی، چالاکی مەدەنیی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، کاران فیرووزی، تەمەن ١٤ ساڵ و هەروەها باپیر بەرزە، سەلام نیکمەنیش، وەهاب محەممەد پوور و سەنعان ئەبووبەک لاجانی لەلایەن هێزە حکومەتییە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری پیرانشار ڕفێندراون.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەز (٢٣ی نۆڤەمبەر)، زانا چەم، هاوار محەممەدی و سەلاح محەممەدی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە لە شاری پیرانشار ڕفێندراون.

هەر لەو ڕۆژەدا مستەفا غەنی پوور، دانیشتووی کۆنەخانێی پیرانشار لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراوە.

لە درێژەی ڕەوتی ڕفاندنی هاووڵاتییاندا، خدر محەممەدی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری پیرانشار و باوکی هاوار محەممەدی، بە بیانووی سەردان و چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەی بانگهێشتی ئیتلاعاتی پیرانشار کراوە و هەر لەوێ دەستبەجێ دەستبەسەریان کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی سەرماوەز (٤ی نۆڤەمبەر)، یونس ئاڵی، خەڵکی گوندی "قەڵاتەڕەش" و ئەرسەلان ڕووکە، خەڵکی گوندی "شیناوێ"، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراون.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئەو هاووڵاتییانە و شوێنی مانەوە و ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە