لە شاری سەحنە لانی کەم ٣٠ هاووڵاتی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون

لە درێژەی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی هاووڵاتییانی کوردستان لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، دەیان کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیو و ناڕازیی ئەو شارە لەلایەن هێزە سەرکوت

٣ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٥:٢١


هەنگاو: پێنجشەممە، ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

لە درێژەی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی هاووڵاتییانی کوردستان لە شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان، دەیان کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیو و ناڕازیی ئەو شارە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە ڕفێندراون کە تاکوو ئێستا ناسنامەی ٣١ کەسیان بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاشکرا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو؛ ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی شاری سەحنە کە بۆ یادکردنەوەی سەید خەلیل عەلینژاد، هونەرمەندی پەیڕەوی ئایینی یاری (یارسان) کە ساڵی ١٣٨٠ی هەتاوی، لە وڵاتی سوێد و لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تیرۆر کراوە بەڕێوە چوو، ئەو هێزە حکومەتییانە بە شێوەیەکی دڕندانە ژمارەیەک هاووڵاتیی ئەو شارەیان ڕفاندووە.

فەریبورز شاەئیبراهیمی، سەید فەرهاد زەلنووری، سەید فەریدوون تاهێری، عەلی نەزەری، نوشادم تاهێری، غەدیر ڕەحیمی، حەمید گورگین، مێهرعەلی هێمەتی، نێعمەت پووروەلی، شەهروز ئیسماعیلی، کاکی سەعید ئەڵماسی، سیاوەش کولیایی و کامیاب حەیدەری، ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانە ڕفێندراوانەن کە ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

هەروەها سەید عەلی دەکەیی، سەید شاهۆ شاەئیبراهیمی، ئەفشین عەزیمی، مەیسەم عەزیمی، حەمید زەندینژاد، نەوید حەسەنلوو، سەید فواد شاەئیبراهیمی، فائێزە ڕەعنایی، نەقی ڕەحمانی، ئەمین مەلەکزادە، حەمید ئەفشار و ڕەشید محەممەدی، بەردیا تاجەدینی، مێعراج هێمەتی، فەرزاد ڕەحمەت‌ئابادی و محەممەد بەهرامی، شانزە هاووڵاتیی دیکەی ئەو شارەن کە لەلایەن هێزە حکومەتییەکان و هەر لە شاری سەحنە ڕفێندراون.

بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر پاش ئەو کۆبوونەوەیە، واتە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، پێدرام ئەسەدی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەحنە و دانیشتووی شاری ڕەشت لە باکووری ئێران، هەر لە شاری سەحنە و لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراوە.

تاکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر بارودۆخی تەندروستی، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە