دەستبەسەرکردنی دوو مامۆستای ئایینیی دیکە لە جوانڕۆ

مامۆستا فارووق قادری و مامۆستا یاسر کەریمی، دوو مامۆستای خەڵکی شاری جوانڕۆ لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ه

١١ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٤:٢٣


هەنگاو؛  سێشەممە، ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

مامۆستا فارووق قادری و مامۆستا یاسر کەریمی، دوو مامۆستای خەڵکی شاری جوانڕۆ لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. هاوکات دوو مامۆستای دیکەی خەڵکی شاری جوانڕۆ لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٣١ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، مامۆستا فارووق قادری، خەڵکی شاری جوانڕۆ، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.


هەروەها شەوی دووشەممە، ١٠ی ڕێبەندان (٣٠ی جەنیوەری)، مامۆستا یاسر کەریمی، خەڵکی شاری جوانڕۆ و مامۆستای زانستە ئایینییەکانی قوتابخانەی "نەنەڵە"ی شاری سنە، پاش ئەوەی کە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە لەو شارە بانگهێشت کراوە، دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە.


پێشتریش، واتە ڕۆژی ڕابردوو هەنگاو هەواڵی ڕفاندنی دوو مامۆستای دیکەی ئایینی بە ناوەکانی ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە، خەڵکی جوانڕۆ و برای مامۆستا یاسر کەریمی و مامۆستا لوقمان ئەمینی، خەڵکی شاری پاوە بڵاو کردووەتەوە.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو دوو مامۆستا دەستبەسەرکراوە لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە