مەرگی گوماناوی بەندکراوێک کە پەیوەندی بە دۆسیەیەکی ئابوورییەوە هەیە لە بەندیخانەی ئورمیە

سدیق ڕەسووڵیان، کە سەرەتای پاییز لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەیەکی ئابووری لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو، بە شێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانەی

٢٥ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٢:٣٩


هەنگاو: یەکشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٢٧٢٢


سدیق ڕەسووڵیان، کە سەرەتای پاییز لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەیەکی ئابووری لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو، بە شێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گیانی لەدەست دا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٤ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، سدیق ڕەسووڵیان تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی بۆکان، کە بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی لە بەندیخانەی ئورمیە، بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەم شارە گواسترابووەوە، گیانی لەدەست دا.


بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەوی ڕابردوو ناوەندە ئەمنییەکان پەیوەندییان بە بنەماڵەی ڕەسووڵیانەوە گرتووە و باوکی ناوبراویان لە مردنی کوڕەکەی ئاگادار کردووەتەوە و هەڕەشەیان لێکردوون کە دەبێت دوای وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان بە زوویی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ناوبراو بەڕێوەببەن.


تەرمی سدیق ڕەسووڵیان ئەمڕۆ یەکشەممە دراوەتەوە بە بنەماڵەکەی و یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ڕەسووڵیان لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە شوێنەواری ئەشکەنجە لەسەر جەستەی ناوبراو دیار بووە.


شیاوی ئاماژە پێدانە کە سدیق ڕەسووڵیان نزیکەی ٨٠ ڕۆژ پێش لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەیەکی ئابووری لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە بۆکان دەستبەسەرکراو دوای یەک حەوتوو لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە