ڕفاندنی لاوێکی خەڵکی ئاودانان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان لە مەسجید سلێمان

هێزە حکوومەتییەکان لە شاری مەسجید سلێمان هێرشیان کردووەت سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەجاد مورادیوەندان لەو شارە و ئەو لاوەی خەڵکی شاری ئاودانان لە.

١١ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٦:٣٦


هەنگاو: سێشەممە، ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

هێزە حکوومەتییەکان لە شاری مەسجید سلێمان هێرشیان کردووەت سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەجاد مورادیوەندان لەو شارە و ئەو لاوەی خەڵکی شاری ئاودانان لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٣١ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، هیزە حکوومەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی (خانەباخ) لاوێک بە ناوی سەجاد مورادیوەندان خەڵکی شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، لە دەوروبەری شاری مەسجید سلێمان و ناوبراویان ڕفاندووە.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی ئاودانان لە سەرەتای ڕاپەڕینی جەماوەریی ئەو شارە لە شۆڕشی ژینا، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەژێر چاوەدێریدایە و بەدوایەوەن دەستبەسەری بکەن.

ڕفاندنی سەجاد مورادیوەند لە کاتێکدایە کە پێشتریش برایەکی بە ناوی سامان مورادیوەندان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە لە باتیی ناوبراو بە بارمتە گیرابوو.

سامان مورادیوەند لە ماوەی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ ١٠ کەسی دیکە لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری ئیلام بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر پێڕانەگیشتنی پزیشکی و ناڕوونیی چارەنووسیان، مانیان لە خواردن گرتبوو. ناوبراو سەرەڕای ئەوەی کە  ئازاری زۆری هەیە و تاکوو ئێستاش بۆ ناوەندە دەرمانییەکان نەگواستراوەتەوە و هەر لە بەندیخانەدایە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە