ڕفاندنی پزیشکێکی خەڵکی نەغەدە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان بە هاوکاریی یەکەی پاراستنی نەخۆشخانەی ئەو شارە

دکتۆر ئەمیر مەشعووفی، پزیشکی گشتی و خەڵکی شاری نەغەدە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و بە هاوکاریی یەکەی پاراستنی (حراست) نەخۆشخانەی "خ.

٢٢ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٤:٤٠


هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٢ ی بەفرانباری ٢٧٢٢

دکتۆر ئەمیر مەشعووفی، پزیشکی گشتی و خەڵکی شاری نەغەدە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و بە هاوکاریی یەکەی پاراستنی (حراست) نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ئەو شارە، ڕفێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١١ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، دکتۆر ئەمیر مەشعووفی، پزیشکی گشتی و کادیری دەرمانیی نەخۆشخانەی "خومەینی"ی شاری نەغەدە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەو نەخۆشخانەیە ڕفێندراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو؛ لە کاتی ڕفاندنی ئەو پزیشکەدا کەسێک بە ناوی "ئیبراهیم زارع" کە بەرپرسی یەکەی پاراستنی (حراست) نەخۆشخانەی "خومەینی" لە شاری نەغەدەیە، ڕۆڵی سەرەکیی لە یارمەتیدان بە هێزە حکوومەتییەکان و دانەدەستەوەی ئەو هاووڵاتییە هەبووە.

فەرمانبەرێکی ئەو نەخۆشخانەیە لەم پەیوەندییەدا بۆ هەنگاو وتی: "هێزە حکوومەتییەکان لە کاتی ڕفاندنی د. ئەمیر مەشعووفی، زۆر بێڕێزییان بە ناوبراو کردووە و بە شێوەیەکی دڕندانە ڕفاندوویانە".

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر بارودۆخ، دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە