گوشار خستنە سەر بێهزاد حەکیمی زادە، پارێزەری ڕفێندراوی خەڵکی سەقز، بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ

پارێزەر بێهزاد حەکیمی زادە، خەڵکی سەقز، کە نزیکەی سێ هەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆر

١١ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١١:٥٢


هەنگاو: سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢


پارێزەر بێهزاد حەکیمی زادە، خەڵکی سەقز، کە نزیکەی سێ هەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرا، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و "دۆسیە سازی ئەمنیەتی" لە ژێر گوشار دایە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەمەبەستی دۆسیە سازی ئەمنیەتی، بێهزاد حەکیمی زادە، پارێزەری دادگا، لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لە ژێر گوشاردایە.


بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، لەژێر چاودێری هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە بانگهێشت کراون، کەمەبەست لەم دیدارە دروستکردنی گوشاری ڕۆحی بووە لەسەر بێهزاد حەکیمی زادە، بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ. بنەماڵەی حەکیمی زادە ڕایانەگەیاندووە کە ناوبراو چەند کیلۆ کێشی کەم کردووە.


لەم دیدارە پلان داڕێژراوەی ئیدارەی ئیتلاعات، هەردوو منداڵی ئەم پارێزەرە بە ناوەکانی ڕاسان تەمەن ٨ ساڵ و شاهان تەمەن ١٥ مانگ، لەگەڵ هاوژینەکەی ئامادەبوون.


ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند: لە ڕەوتی ئەم دۆسیە سازییەدا، ناوەندە حکومەتییەکان دەیانەوێت دانپێدانانی زۆرەملێ لە بێهزاد حەکیمی زادە لە ڕاستای "پشتیوانی لە حیزبە کوردستانییەکان" وەربگرن.


شیاوی ئاماژە پێدانە کە، بێهزاد حەکیمی زادە ڕۆژی شەممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٩ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سەقز ڕفێندرابوو. دواتر ناوبراو بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە