دەستبەسەرکرانی مامۆستایەکی ئایینی دیکە لە پیرانشار

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی مامۆستایانی ئایینی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکان، مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی لە شاری پیرانشار لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەرکرا.

١٢ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٢:٠٢


هەنگاو: چوارشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی مامۆستایانی ئایینی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکان، مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی لە شاری پیرانشار لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەرکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٣١ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی پێشنوێژی مزگەوتی "چوار یاری نەبی" لە پیرانشار، دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەرکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مامۆستا ئیبراهیم سەلیمی بەهۆی پشتیوانیکردنی لە بەرخۆدان و ڕاپەڕینی جەماوەریی ئەم دواییە لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنییەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانک کرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم چالاکە ئایینییە لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی لەم ڕاستایەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جەنیوەری ٢٠٢٣ هەتا ئێستا لانی کەم ١٢ چالاکی ئایینی و مامۆستای ئایینی کورد لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون یان دەستبەسەرکراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە