ڕەشبگیری هاووڵاتییان لە ئاودانان، هەنگاو ناسنامەی ٦ کەسیان ئاشکرا دەکات

لە ڕەوتی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان لە ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، لانی کەم ٦ کەس بە ناوەکانی مەجید میرزایی، موجتەبا سەعیدی، محەممەد

١٣ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢٣:٢٦


هەنگاو: پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

لە ڕەوتی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییان لە ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، لانی کەم ٦ کەس بە ناوەکانی مەجید میرزایی، موجتەبا سەعیدی، محەممەد چراغی، ئەمیر حوسێن نامدارپوور، زەبیحوڵڵا جەمادی و سامان مورادی وندان ڕفێندران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢ی فێبریوەری ٢٠٢٣) هێزەکانی حکومەت هێرشییان کردووەتە سەر ماڵەکانی محەممەد چراغی، ئەمیر حوسێن نامدارپوور، زەبیحوڵڵا جەمادی و سامان مورادی وندان و ئەم چوار هاووڵاتییەیان ڕفاندووە.


هەروەها،دوو هاووڵاتی خەڵکی گوندی "چەم کەبود" سەر بە ئاودانان بە ناوەکانی مەجید میرزایی تەمەن ٣٢ ساڵ و موجتەبا سەعیدی، هەر لەهەمان ڕۆژدا لەلایەن ئەم هێزانەوە ڕفێندراون.


لەم نێوەدا، سامان مورادی وندان پێشتر لە جێگای براکەی سەجاد مورادی وندان، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بە بارمتە گیرابوو. ناوبراو دوای تێپەڕاندنی ماوەیەک لە دەستبەسەرگە و مانگرتنی لەخواردن، لەم دواییانەدا ئازادکرابوو.


سەجاد مورادی وندان، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی حکوومەت بەسەر کەوێڵێک لە نزیک مەسجد سولەیمان ڕفێندرا. خەڵکی ئاودانان بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە ڕژانە سەر شەقام کە بەهۆی دەستتێوەردانی ناوەندە حکوومەتییەکان توندوتیژی لێکەوتەوە و هێزەکانی حکوومەت خەڵکیان دایە بەر دەستڕێژ و لانی کەم ٦ کەس برینداربوون.


بەدواداچوونەکان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر بارودۆخی ئەم شەش هاووڵاتییە بێ ئاکام ماوەتەوە و هەتا ئێستا چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە.


شیاوی ئاماژە پێدانە، کە بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەنگاو لە ئاودانان زیاتر لە ١٠ هاووڵاتی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراون، بەڵام هەتا ئێستا ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە.


بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم دواییەی شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، زیاتر لە ١٠٠ کەس لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی ٩٨ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرابووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە