ژیانی موسلیم جەعفەری ڕەمشتی لە بەندیخانەی ئێڤین لە مەترسیدایە؛ مەرجی بارمتەی ٨ ملیاری بۆ وەرگرتنی ئیزنی چارەسەری پزیشکی

باری تەندروستی موسلیم جەعفەری ڕەمشتی براوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک، لە بەندە تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی ئێڤین لە مەترسیدایە

١٤ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٦:٣٠


هەنگاو: هەینی ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

باری تەندروستی موسلیم جەعفەری ڕەمشتی براوەی خەڵاتی باشترین ئەکتەر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک، لە بەندە تاکەکەسییەکانی بەندیخانەی ئێڤین لە مەترسیدایە. سەرەڕای ڕێگریکردن لە گواستنەوەی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، بەرپرسانی بەندیخانە داوای ٨ ملیار تمەن بارمتە بۆ پێدانی مۆڵەتی چارەسەرکردن لە بنەماڵەکەی دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، موسلیم جەعفەری ڕەمشتی خەڵکی سنە، لە کاتێکدا کە پێنجەمین مانگی دەستبەسەرکرانی تێدەپەڕێنێت، بەهۆی هەوکردنی گورچیلە و دەستی لە بەندە تاکەکەسییەکان گیانی لە مەترسیدایە.


بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەست و گورچیلەی ئەم هاووڵاتییە تووشی هەوکردن بووە و لە ئەگەری دواکەوتنی چارەسەریی پزیشکی، گیانی ناوبراو دەکەوێتە مەترسی جیددییەوە.


بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەی موسلیم جەعفەری ڕەمشتی، دوای تێپەڕینی زیاتر لە سێ مانگ، لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی لە ڕفاندن و بەندکرانی کوڕەکەیان ئاگادار کراونەتەوە.


لە ماوەی دەستبەسەرکرانییەوە هەتا ئێستا، موسلیم جەعفەری ڕمشتی، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە لە ڕێکەوتی ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، توانیویەتی چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت. بۆ ئەم دیدارە کورتە لقی ٧ی لێپرسینەوەی دادگای ئێڤین یەک ملیار تمەن بارمتەی لە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە وەرگرتووە.


لە ئێستادا و لەگەڵ تەشەنە سەندنی نەخۆشی ناوبراو، لە ژێر گووشاری ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین لە گواستنەوەی موسلیم بۆ ناوەندە دەرمانییەکان خۆ دەبوێرن. بە داواکردنی ٨ ملیار تمەن بارمتە بۆ دەرکردنی مۆڵەتی پزیشکی لە بنەماڵەی ئەم ئەکتەرە، ئەم ڕێکخراو حکوومەتییە ڕێگری لەبەردەم گواستنەوەی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکان دروستکردووە.


موسلیم جەعفەر ڕەمشتی ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لە گوندی "ترس ئاوا" سەر بە شاری خۆی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە شێوەیەکی دڕندانە و بە بەکارهێنانی توندوتیژی ڕفێندرا.


ناوبراو لە تەمەنی ١٨ ساڵی پەیوەست بوو بەیەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان و شەش ساڵ پێش وازی لەو حیزبە هێناوە و لە هەوڵدابووە لە ڕێگەی وەرگرتنی مافی پەنابەری لە یەکێک لە وڵاتانی ئەورووپایی نیشتەجێ ببێت. جێگای ئاماژەیە ناوبراو لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەشداری کردووە و دەستێکی لەو شەڕەدا لەدەست داوە.


هەوڵی یەکەمی ئەم هونەرمەندە بۆ چوون بۆ ئەورووپا بە دەستبەسەرکرانی لە وڵاتی تورکیە و گەڕاندنەوەی بۆ باشووری کوردستان بێ ئاکام بووە و بۆ دووەم جاریش، لە کاتی تێپەڕینی بە خاکی ئێراندا لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپاوە ڕفێندرابوو.


موسلیم جەعفەری ڕەمشتی لە فیلمی "زەوییە پیسەکان" ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە و لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک لە باشووری کوردستان، خەڵاتی باشترین ئەکتەری وەرگرت.


موسلیح جەعفەری ڕەمشتی، برای موسلیم جەعفەری ڕەمشتی، دوو جار لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی براکەی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە