دەستبەسەرکردنی دوو کەس لە بریندارەکانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە

هێرش نەقشبەندی، هونەرمەندی خەڵکی شاری سنە و ئەمیر ویلایەتی، لاوێکی دانیشتووی شاری تاران کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا هەردووکیان چ

٢ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١١:٢٠


هەنگاو: سێشەممە، ۲ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

هێرش نەقشبەندی، هونەرمەندی خەڵکی شاری سنە و ئەمیر ویلایەتی، لاوێکی دانیشتووی شاری تاران کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا هەردووکیان چاوێکیان لەدەست داوە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١٨ی مەیی ٢٠٢٣)، ئەمیر ویلایەتی، لاوێکی دانیشتووی شاری تاران لە نزیکەی ماڵی خۆیاندا لەو شارە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.


ناوبراو دووکانی سەرتاشخانەی هەیە و لە سەرەتای مانگی ڕەزبەری ٢٧٢٢دا لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری تاران لە ناوچە "نارمەک"ی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆ و بە چەکی ساچمەیی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بریندار کراوە و هەر بەم هۆیەوە چاوێکی لەدەست داوە.


هەروەها هێرش نەقشبەندی، هونەرمەند و دەرهێنەری شانۆ و خەڵکی شاری سنە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەو شارە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.


ناوبراویش لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردووی ئەو شارە و لە مانگی ڕۆژی ٣١ی خەرماناندا بە تەقەی ڕاستەوخۆ و بە چەکی ساچمەیی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بریندار کراوە و بەم هۆیەوە چاوێکی لەدەست داوە.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم دوو بریندارەی ناڕەزایەتییەکان و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە