ئارام فەتحی، شاعر و نووسەری خەڵکی مەریوان حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: ئارام فەتحی نووسەر و شاعیری خەڵکی مەریوان لە دوو حوکمی جیادا سەرجەم حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٢٨ گەلاوێژ ٢٧١٨، ٢٠:٤٨

 

هەنگاو: ئارام فەتحی نووسەر و شاعیری خەڵکی مەریوان لە دوو حوکمی جیادا سەرجەم حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئارام فەتحی کە پێشتر لە دوو حوکمی جیاجیادا سەرجەم بە ٣ ساڵ بەندکران مەحکووم کرابوو، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا دانیشتنی دادگای پێداچوونەوەی حوکمەکەی بەڕێوە بچێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری هەنگاوی راگەیاند، ئەو نووسەرە کوردە لە رێکەوتی ١١ی رێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی ( ٢٠١٦ی کوردی)، بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژی حکوومەت لە رێگەی چالاکی کردن لە کەمپەینی "نا بۆ کوشتنی کۆڵبەران و نا بۆ رێگای مەرگ" بە دوو ساڵ بەندکران حوکم درابوو.

ئەو حوکمە لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر مەلەکی بەسەر ناوبراودا سەپێندراوە کە بە پشت بەستن بە مادەی ٥٠٠ لە یاسای سزادانی ئیسلامی حوکم دراوە. کەسی تۆمەتبار بەو مادەیە لە ٣ مانگەوە هەتا ساڵێک حوکم ئەدرێ، بەڵام دادگا بەپێی ئەو مادەیە ٢ ساڵ حوکمی بەسەر ئەو چالاکە کوردەدا سەپاندووە.

ئارام فەتحی رێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٥ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاش ماوەیەک دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو هەروەها لەلایەن کۆمەڵەی دادوەریی قودسی تارانەوە بە تۆمەتی چوونە دەرەوەی نایاسایی لە ئێران و چوون بۆ وڵاتی ئاڵمان بە ١ ساڵ بەندکران حوکم دراوە.

پاش تانە لێدان لەو حوکمە، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممەی ئەفتەی داهاتوو ٤ی خەرمانان، دانیشتنی لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە لەو پەیوەندییەدا بەڕێوە بچێت.

ئارام فەتحی شاعیر و چالاکی فەرهەنگیی کورد دوو کتێبی شێعری چاپ کردووە و نووسین و کورتە چیرۆکەکانی لە ژمارەی زۆربەی بڵاڤۆکە ناوخۆییەکانی کوردستان و دەرەوە چاپ و بڵاو دەکرێنەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە