ئارم فەتحی لەلایەن دادگای مەریوانەوە بانگ کرا

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی مەریوان بە مەبەستی وڵامدانەوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵی لەلایەن دادگای مەریوانەوە بانگ کرا.

٢ خەرمانان ٢٧١٩، ١٤:٠٩

 

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی مەریوان بە مەبەستی وڵامدانەوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵی لەلایەن دادگای مەریوانەوە بانگ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢ی خەرمانانی ٢٧١٩ (٢٤ی ئاگۆستی ٢٠١٩)، ئارام فەتحی، شاعر و نووسەری خەڵکی مەریوان لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە مەبەستی وەرگرتنی دوایین داکۆکییەکانی لە خۆی، بانگ کراوە.

بانگ کردنی ئەو چالاکە مەدەنییە لە سەر سکاڵای کەسێکی نەناسراو بە ناوی ”ئەحسەن پەرتەوەی“ بووە کە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی خستووەتە پاڵ ئارام فەتحی و لە نامەکەدا هاتووە کە ئەگەر لەماوەی ٥ ڕؤژ خۆت بە دادگا نانسێنیتم یەوا حوکمی دەستبەسەر کرانت دەردەچێت.

ئەو نامەیە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژ دەرکراوە، بەڵام پاش دوو ڕۆژ و ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژ گەیشتووە دەستی ئارام کە ڕۆژی دواتری هەینی بووە .ئارام فەتحی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی ڕایگەیاندووە کە بەهۆی ئەوەیمانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کراوم، لەلایەن دادگاوە بانگ کراوم.

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧١٨ (١٢ی سپتامبری ٢٠١٨) نزیک بە ٤٠ چالاکی مەدەنی و هاووڵاتی کورد لە شارەکانی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکان بە تۆمەتی ئاژاوە و هەوڵ بۆ بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئارام فەتحی دوو ساڵ پێش لە دوو حوکمی جیاجیادا سەرجەم بە ٣ ساڵ بەندکران مەحکووم کرابوو و دوای ئەوەی تانەی لەو بڕیارە دابوو، دادگای پێداچوونەوە بێ بەری بوونی ناوبراوی لەو تۆمەتانە ڕاگەیاند و حوکمەکەی هەڵوەشاندەوە.

 ئەو نووسەرە کوردە لە رێکەوتی ١١ی رێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی ( ٢٠١٦ی کوردی)، بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژی حکوومەت لە رێگەی چالاکی کردن لە کەمپەینی "نا بۆ کوشتنی کۆڵبەران و نا بۆ رێگای مەرگ" بە دوو ساڵ بەندکران حوکم درابوو.

ئارام فەتحی رێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩٥ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاش ماوەیەک دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو هەروەها لەلایەن کۆمەڵەی دادوەریی قودسی تارانەوە بە تۆمەتی چوونە دەرەوەی نایاسایی لە ئێران و چوون بۆ وڵاتی ئاڵمان بە ١ ساڵ بەندکران حوکم دراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە