ئازادی مەرجداری بەندکراوێکی مەزهەبی لە بەندیخانەی ئورمیە

هەنگاو: بەندکراوێکی مەزهەبی کورد پاش چوار ساڵ بەندکران، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

٢٩ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٩:٥٥

 

هەنگاو: بەندکراوێکی مەزهەبی کورد پاش چوار ساڵ بەندکران، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (١٩ی دێسامبەری ٢٠٢٠)، "بێهزاد عەباسی قەرەگوێز" هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵەی خەڵکی ئورمیە، پاش تێپەڕاندنی چوار ساڵ لە ماوەی حەوت ساڵ بەندکرانەکەی، کەوتە بەر لێبوردنی مەرجدار و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد بوو.

ئەم بەندکراوە مەزهەبییە، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز (١٤ی ئۆکتۆبر) لەگەڵ ١٣ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی بەندکراو لە بەندیخانەی ئورمیە بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە جێبەجێ نەکرانی یاسای داشکانی سزا، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر مانیان لە خواردن گرتبوو. 

بێهزاد عەباسیی قەرەگوێز، ڕۆژی هەینی ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧١٦ (١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦)، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی جەواد یوسفی تەمەن ٤٣ ساڵ لە کاتی گەڕانەوە لە مهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئایینی دەستبەسەر کران و لە پاش ٤٥ ڕۆژ گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە دواتر لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو"، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپی ئەنسارولئیسلام، هەرکامیان سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا و سزاکەیان دواتر لە لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگادا بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلیپوور" بۆ حەوت ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە