ئازادیی دوو بەندکراوی سیاسی کورد لە سنە و مەریوان

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شێرکۆ جەمشیدی ماوەی حوکمەکەی بەخشراوە و کەژوان ئازادیانیش دوای تەواو بوونی ماوەی حوکمی بەندکرانەکەی ئازاد کراوە.

٢٥ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١١:٢٧


هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شێرکۆ جەمشیدی ماوەی حوکمەکەی بەخشراوە و کەژوان ئازادیانیش دوای تەواو بوونی ماوەی حوکمی بەندکرانەکەی ئازاد کراوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چوار مانگ لە ماوەی بەندکرانی شێرکۆ جەمشیدی خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆی سنە بەخشراوە و لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد بووە.


شێرکۆ جەمشیدی، ڕێکەوتی ١ی بەفرانباری ٢٧١٨ (٢٢ی دێسامبری ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و پاش دوو مانگ بە دانانی بامرتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.


ناوبراو دواجار لەلایەن دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و پاییزی ڕابردوو بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کرا.


هەروەها، کەژوان ئازادیان، خوێندکاری مەریوانی لە ٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی دوو مانگ حوکمی بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان کرابوو، دوای تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی ئازاد کراوە.


کەژوان ئازادیان خەڵکی گوندی یەنگیجە، ڕۆژی شەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧١٩ (١٨ی مەی ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاحات دەستبەسەر و دوای پێنج رۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
 
ناوبراو دواجار ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی مەریوان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە ئەو حوکمە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە بۆ دوو مانگ بەندکران کەم کرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە