ئاشکرا بوونی ناوی یەکێکی دیکە لە گیان بەختکردوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەر

هەنگاو: تەرمی سووتاوی هاووڵاتییەکی خەڵکی بەخشی شاهۆ سەر بە شاری ڕوانسەر کە لە خۆپێشاندانەکانی تاران ون ببوو،

٢٠ بەفرانبار ٢٧١٩، ٢٣:٥٩

 

هەنگاو: تەرمی سووتاوی هاووڵاتییەکی خەڵکی بەخشی شاهۆ سەر بە شاری ڕوانسەر کە لە خۆپێشاندانەکانی تاران ون ببوو، لە حاڵێکدا بە تەواوەتی سووتابوو، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٩ی ژانویەی ٢٠١٩)، تەرمی “سەردار ئەعەزەمی” خەڵکی بەخشی شاهۆ سەر بە شاری ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشان، لە زێدی خۆی ئەسپەردەی خاک کراوە.

سەردار ئەعەزەمی تەمەن ٤١ ساڵ، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (١٦ی نۆڤەمبری ٢٠١٩) واتە لە یەک  ڕۆژی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئێران لە شاری پەرەند سەر بە پارێزگای تاران ون ببوو و لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نەبوو.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەعزەمی، تەرمی سەردار بە تەواوەتی سووتاوە و لەرێگای تاقیکردنەوەی DNA ناسراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرابێت لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە نابێت ئەو هەواڵە میدیایی بکەنەوە.

سەردار ئەعزەمی لەگەڵ هاوژینەکەی و دوو منداڵەکەیان ماوەی ١٠ ساڵ بوو کە نیشتەجێی اتران بوون و لەوێ کرێکاری کردووە.

بە هەژمار کردنی ئەم حاڵەتە، چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری ڕوانسەر لە خۆپێشاندانەکانی شارەکانی تاران، کرماشان و جوانڕۆ گیانیان لە دەست داوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە