باری تەندروستی سورەیا حەقدووست لە بەندیخانە ناجێگیرە

هەنگاو: باری تەندروستیی سورەیا حەقدووست چالاکی مەدەنی دەستبەسەر کراوی خەڵکی مەریوان ناجێگیرە و پێویستی بە نەشتەرگەریی بە پەلە هەیە.

٥ پووشپەڕ ٢٧٢١، ٠٩:٣١

 

هەنگاو: باری تەندروستیی سورەیا حەقدووست چالاکی مەدەنی دەستبەسەر کراوی خەڵکی مەریوان ناجێگیرە و پێویستی بە نەشتەرگەریی بە پەلە هەیە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرباری تێپەڕینی ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی سورەیا حەقدووست و ڕەزامەندی داواکاری گشتی مەریوان لە سەر ئازاد کردنی ناوبراو و هەروەها ناجێگیر بوونی باری تەندروستی، هەتا ئێستا بەرپرسانی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە ئیزنیان نەداوە کە ناوبراو بە مەبەستی چاوپێکەوتنی پزیشکەکەی و ئەگەری ئەنجامدانی نەشتەرگەری بچێتە دەرەوەی بەندیخانە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی حەقدووست، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (١٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، لە ئیدارەی ئەماکنی مەریوانەوە پەیوەندییان بە سورەیا حەقدووست کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە : “ئەگەر هەر ئێستا سەردانی ئیدارەی ئەماکن نەکەیت ئەوا مۆڵەتی یانەی وەرزشییەکەت هەڵدەوەشێتەوە” و دوای ئەوەی ناوبراو سەردانی ئیدارەی ئەماکنی کردووە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر و بۆ دادگای ئەو شارە گوازراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا وتی: “لەو ڕووەوە کە بەندیخانەی مەریوان بەندی ژنانی نییە سەرباری ئەوەی کە سورەیا بە هۆی ئەو ترس و دڵەڕاوکێ زۆرەی کە تووشی بوو و هەروەها بڕبڕەی پشتی کێشەی هەبوو، لە جیاتی ئەوەی بەڕێ بکرێت بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بە ئامبۆڵانس گوازراوەتەوە بۆ ناوەندی چاکساسی و پەروەردەی شاری سنە.”

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا یەکێک لە خۆشکەکانی سورەیا حەقدووست توانیویە کە چاوی پێکبکەوێت و دوای ئەوەی کە زانیویە باری تەندروستی ناجێگیرە  سەردانی پزیشکەکەی سورەیای لە شاری سنە کردووە و ئەویش وتوویە لە ئێستادا ناوبراو یان دەبێ پشوویەکی ڕەهای هەبێت یان سەردانی نەخۆشخانە بکات و لە ژێر چاوەدێریی خۆمدا بێت و نەشتەرگەری بۆ بکەین.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ڕۆژی دووشەممە داواکاری گشتی مەریوان نامەیەکی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە نووسیوە و بە سەرنجدان بە نامەکەی پزیشکی سورەیا داوای ئازادی ناوبراوی کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە وتوویانە کە لای ئێمە نیە. هەر لەو پەیوەندییەدا، داوکاری گشتی ڕۆژی سێشەممە ناممەیەکی بۆ ناوەندی چاکسازی و پەرەوەردەی شاری سنە نووسیویە.

سەرەڕای ئەوەی کە داواکاری گشتیی مەریوان داوای ئازادی سورەیا حەقدووستی کردووە، بەرپرسانی بەندیخانەی سنە وتوویانە کە دەبێ دکتۆری بەندیخانە دیاری بکات کە ئایا پێویستە سورەیا ئازاد بکرێت یان نا و دوکتۆرەکەش تەنیا ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە دێت و ئەم حەوتوویەش نایە و بڕۆنەوە حەوتووی داهاتوو سەردانی بەندیخانە بکەن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە نیسبەت دۆخی ناجێگیری باری تەندروستیی سورەیا حەقدووست  بەپەرۆشە و خوازیاره کە بەرپرسانی ئەمنی و دادوەری لەو پەیوەندییەدا وڵامدەر بن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە