باری تەندروستی سیامەک ئەشرەفی دوای ١٠ ڕۆژ مانگرتن ناجێگیرە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە ماوەی ١٠ ڕۆژە مانی لەخواردن گرتووە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

١٠ ڕێبەندان ٢٧١٩، ١١:٠٧

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە ماوەی ١٠ ڕۆژە مانی لەخواردن گرتووە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سیامەک ئەشرەفی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە کە چوارساڵە لە بەندیخانەیە، لە ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (٢١ی ژانویەی ٢٠٢٠) مانی لە خواردن گرتووە و ئەمڕۆ لە دەهەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆیدایە و هەتا جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی سوورە لەسەر درێژەدانی مانگرتنەکەی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سیامەک ئەشرەفی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە پشت گوێ خستنی داوای ئازادی بە مەرجی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانە و بێ ڕێزیی فەرمانبەرەکانی لقی ٩ی دادگای جێبەجێ کردنی حوکمەکان بە بنەماڵەکەی، مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، سیامەک ئەشرەفی دوو ڕۆژ پێش باری تەندروستی ناجێگیر بووە و گواستوویانەتەوە بۆ بێهداری بەندیخانە، بەڵام ناوبراو ڕازی نەبووە کە چارەسەریی بۆ بکەن و گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندەکەی خۆی.

سیامەک ئەشرەفی کە پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، دوای پاکانە حیساب لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ڕۆژی پێنج شممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧١٦ (٩ی ژانویەی ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران“ حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا و سەرەڕای ئەوەی کە ٣ ساڵ و ٨ مانگە لە بەندیخانەیە، هەتا ئێستا داوای ئازادی بەمەرجی ناوبراو لە لایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە پەسەند نەکراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە