بازاڕیانی ٧ شاری کوردستان مانیان گرتووە

هەنگاو: ماوەی چوار ڕۆژە کاسبکاران و دووکاندارانی پێنج شاری سنووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مانیان گرتووە و ئەمڕۆ دوو شاری مەهاباد و پیرانیشاریش .

٢٩ خاکەلێوە ٢٧١٨، ١٠:٤٧

 

هەنگاو: ماوەی چوار ڕۆژە کاسبکاران و دووکاندارانی پێنج شاری سنووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مانیان گرتووە و ئەمڕۆ دوو شاری مەهاباد و پیرانیشاریش بەو مانگرتنە پەیوەست بوون.

بە پێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو” گەیشتووە، مانگرتنی جەماوەر و کاسبکاررانی حەوت شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان "جوانڕۆ، مەریوان، بانە، سەقز، سەردەشت، پیرانشار و مەهاباد" لە ناڕەزایەتی بە داخرانی سنوورە کۆڵبەرییەکان بەردەوامە و زۆرینەی دووکان و بازاری ئەو شارانە داخراوە و خەڵکی ناڕازی لەناو شەقام و کۆڵان و بەردەم قایمقامەتی شارەکان سفرەی بەتاڵیان راخستووە.

ماوەی چەند مانگێکە بە بڕیارێک حکوومەتی ئێران، سنوورە کۆڵبەرییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە سەرچاوەی بژیوی سەدان هەزار کاسبکار و دووکاندار و کۆڵبەری شارە سنوورییەکانە، داخستووە و ئەمەش بووەتە هۆی بێکاری و ناڕەزاییەکی زۆری دانیشتوانی ئەو شارانە.

شایەتحاڵان و سەرچاوە خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵات باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت گوشاریان بۆ کاسبکار و دووکانداران هێناوە و دەیانەوێ بە زۆر و هەڕەشە بازار و دووکان بە خەڵک بکەنەوە، بەڵام مانگرتنی جەماوەری ماوەی چوار ڕۆژە بەردەوامە و لە هەندێ شوێن هێزە ئەمنییەکان سفرەی بەتاڵی سەرشەقامەکانیان کۆکردووەتەوە.

لە شاری مەریوان، سەقز و شارەکانی دیکە حکوومەت لە ترسی خۆپیشاندان و بەرینتربوونەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە، هێزێکی زۆری ئەمنی و هاوکات ئیتلاعاتییی بە جلی مەدەنییەوە لەناو خەڵک و کووچە و کۆڵانەکان بڵاوە پێکردووە و ڕێوشوێنێکی توندی ئەمنی و سەربازی گیراوەتە بەر.

هەتا ئێستا زیاتر لە دە کەس لە جەماوەری ناڕزای و کاسبکاران لە شارەکانی مەریوان، سەقز و بانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە