باسام مورادی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی کامێران پاش سێ ساڵ لە مافی مرەخەسی بێبەشە

باسام مورادی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی کامێران سەرەڕای تێپەڕاندنی زیاتر لە سێ ساڵ لە ماوەی ئەو پێنج ساڵە بەندکرانەی کە بەسەریدا سەپاوە، هێشتا لە مافی چو

١٥ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ٢٠:٣٩


هەنگاو: شەممە ١٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

باسام مورادی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی کامێران سەرەڕای تێپەڕاندنی زیاتر لە سێ ساڵ لە ماوەی ئەو پێنج ساڵە بەندکرانەی کە بەسەریدا سەپاوە، هێشتا لە مافی چوونە مرەخەسی بێبەشە و لە بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە ڕاگیراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، باسام مورادی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا چەندین جار داوای کردووە کە مافی مرەخەسی و چوونەدەرەوەی کاتی لە بەندیخانە پێ بدرێت، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە هەرجارە و بە بیانوویەک ڕێگرییان کردووە.

باسام مورادی ڕۆژی دووشەممە ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢١٩ (٢٩ی ئەپریلی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران دەستبەسەر و دوای ٨ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو دواجار کۆتایی مانگی بەفرانباری ٢٧١٩ (فێبریوەریی ٢٠٢٠) لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی سیخوڕی سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی ناوبراو دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ ٥ ساڵ کەم کرایەوە کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان زیاترین سزا واتە ٥ ساڵ بەندکرانەکەی جێبەجێ دەکرێت.

باسام مورادی دواجار مانگی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (ئەپریلی ٢٠٢٠) بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی کامێران کرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە ڕۆژی شەممە ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (٢٩ی مەی ٢٠٢١)دوای چەند ڕۆژ مانگرتن لە خواردن لە بەندیخانەی کامێران بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە جیانەکردنەوەی بەندکراوەکان بە پێی تۆمەتەکانیان، لە بەندیخانەی ئەو شارەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە گوازرایەوە و لەو کاتەوە لە بەندیخانەی سنە ڕاگیراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە