بانگکرانی پەروانە حوسێن پەناهی بۆ ئیتلاعاتی سنە

هەنگاو: پەروانە حوسەین پەناهی خوشکی رامین حوسەین پەناهی، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرا.

١٠ بانەمەڕ ٢٧١٩، ١٤:٠٧

 

هەنگاو: پەروانە حوسەین پەناهی خوشکی رامین حوسەین پەناهی، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە (٩ی خاکەلێوە ٢٧١٩/ ٢٩ی ئاوریلی ٢٠١٩)، پەروانە حوسێن پەناهی بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەنجام دراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حوسێن پەناهی، هۆکاری بانگ کرانی پەروانە حوسێن پەناهی پڕۆپاگەندە دژی  نیزام بووە، هەروەها هەڕەشەی لێ کراوە کە نابێت بە دوای دۆزینەوەی شوێنی تەرمی براکەی، رامین حوسێن پەناهی کە لە سێدارە درا، بگەڕێت.

پەروانە حوسێن پەناهی، پێشتر حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانی تەعلیقی بە سەردا سەپابوو، هەروەها سیروان، کوری گەورەی پەروانە چەند ساڵ بە هۆی چالاکی مەدەنی لە بەندیخانە بووە.

هەروەها، نیشتمان حوسێن پەناهی تەمەن ٢٥ ساڵ و کچی پەروانە رۆژی سێ شەمە (۱۱ی بانەمەڕی ٢٧١٨/ ۱ی می ۲٠۱۸) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربرین بە حوکمی سێدارەی رامین حوسەین پەناهی، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

رامین حوسێن پەناهی ڕۆژی دووی پووشپەڕێ ٢٧١٧ی کوردی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراو و لە ڕێکەوتی (٥ی ڕیبەندانی ٢٧١٧ / ٢٥ی ژانویەی ٢٠١٨) لە حاڵێکدا کە تەنیا یەک دانیشتنی دادگاییەکەی بەڕیوە چوبوو، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە دادوەری سەعیدی  بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیو ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

رۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٢٧١٨ (٨ی ئاگۆستی ٢٠١٨) حوکمی سێدارەی رامین حوسێن پەناهی لەگەڵ دوو بەندکراوی دیکەی کورد بە ناوی زانیار و لوقمان مورادی جێبەجی کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە