بانگ کردن و دەستبەسەر کرانی چەندین هاووڵاتیی خەڵکی زەردۆیی پاوە

هەنگاو: دوای تێکهەڵچوونی حەوتووی ڕابردووی هێزە ئینتزامییەکان لەگەڵ خەڵکی زەردۆیی سەر بە شارۆچکەی باینگانی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان

٢٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ٠٨:١٧

 

هەنگاو: دوای تێکهەڵچوونی حەوتووی ڕابردووی هێزە ئینتزامییەکان لەگەڵ خەڵکی زەردۆیی سەر بە شارۆچکەی باینگانی شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان ، لانیکەم دە کەسی خەڵکی ئەو گوندە بانگی ئیتلاعاتی سپای پاوە کراون و ژمارەیەکیان دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (١٠ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، لانیکەم ١٠ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی زەردۆیی لەلایەن ئیتلاعاتی پاوە بانگ کەراون و پێنج کەسیان بە ناوەکانی بیلال بابایی (دێهیاری گوند)، بێهنام وەیسی، یاسر حەیدەری، ئەحمەد بیابانی و سمکۆ حەیدەری دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سمکۆ حەیدەری ئێوارەی هەمان ڕۆژ بە بارمتە ئازاد کراوە، بەڵام ٤ کەسی دیکە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی زەردۆیی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، پێنج کەسی دیکە بە ناوەکانی قادر عەزیزی، هەڵالە عەزیزی، دونیا حەزیزی، کوفیە حەیدەری و زارا حەیدەری بانگ کراون کە دواتر بە بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەزەڵوەر ئازاد کراون.

ئەو ١٠ هاووڵاتییە دوای تێکهەڵچوونی ڕۆژی پێنج شەممەی حەوتووی ڕابردوو ١٥ی خەزەڵوەر (٥ی نۆڤەمبر) هێزە ئینتزامییەکان و خەڵکی ئەو گوندە بانگ و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

ڕۆژی پێنج شەممەی حەوتووی ڕابردوو هێزە ئینتزامییەکان ویستیان لە گوندی زەردۆیی دەست بەسەر مەڕ و ماڵاتی چەند کاسبکارێکی کورد بگرن کە کاردانەوەی خەڵکی لێکەوتەوە و ئیزنیان ندا  دەست بە سەر مەڕ و ماڵاتی ئەو کابکارانەدا بگرن.

هەنگاو پێشتر گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردبووە کە هێزە ئینتزامییەکان بە مەبەستی نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و بڵاوەپێکردنی خەڵک تەقەی هەوایی دەکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە