بانگ کردنی بەربڵاوی بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان لەلایەن ئیتلاعاتتی پیرانشارەوە

هەنگاو: لەماوەی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بنەماڵەی ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبە کوردستانییە

١١ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ٢٠:٣٨

 

هەنگاو: لەماوەی ڕابردوودا ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بنەماڵەی ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان و تەنانەت هەڕەشەی دەستبەسەرکردن و لەسێدارەدانیان لەوان کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار لە ڕۆژانی ڕابردوودا بنەماڵەی لانیکەم ١٠ کەس لە ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکانیان لەو شارە بانگ کردووە و ژمارەیەکیان بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەستبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم گوشارانە دوای کوژرانی کادرێکی ئیدارەی ئیتلاعات بە ناوی خدر مەنگوڕ زۆر بووە و تەنانەت دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ماڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان و هەڕەشەی کوشتنیان لێیان کردووە.

هەنگاو زانیویەتی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار هەڕەشی دەستبەسەر کردن و تەنانەت لەسێدارەدانی لەو بنەماڵانە کردووە کە بانگی کردووە.

یەکێک لەو کەسانەی کە بانگ کراوە لەو پەیوەندییەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند: “ئیدارەی ئیتلاعات داوایان لە ئێمە کردووە هەتا خزم و کەس و کارەکانمان ناچار بکەین لە حیزبەکان جیا ببنەوە و خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بکەنەوە”.

خدر پیرۆتی نیا ناسراو بە خدر مەنگوڕ یەکێک لە کادرە ناسراوەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بوو کە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی سێشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە لە یەکێک لە شەقامەکانی پیرانشار کوژرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە