برایەک خوشکەکەی خۆی بە بیانووی شەرەف لەسێدارە دا و دوایی سەری بڕی

هەنگاو: کچێکی گەنج لە شاری پەهلە سەر بە دێهلۆڕان لەلایەن براکەیەوە لە سێدارە درا.

١٥ بانەمەڕ ٢٧١٩، ١١:٥٨

 

هەنگاو: کچێکی گەنج لە شاری پەهلە سەر بە دێهلۆڕان لەلایەن براکەیەوە لە سێدارە درا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی شەممە (١٤ی بانەمەڕی ٢٧١٩/ ٤ی مەی ٢٠١٩) کچێكی خەڵکی پەهلە(زەڕین ئاوا) سەربە شاری دێهلۆڕان لە پارێزگای ئیلام لەلایەن براکەیەوە لە سێدارە دراوە.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری دێهلۆڕان ناوی ئەو کچە ٢٩ ساڵەی مەریەم بەختیاری ڕاگەیاندووە کە براکەی بە ناوی مستەفا دوای ئەوەی لەسێدارە دراوە و گیانی لە دەست داوە، سەریشی بە چەقۆ بڕدراوە.

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، مستەفا بە بیانووی پاراستنی شەرەف و نامووس، خوشکەکەی کوشتووە، مریەم دوو ساڵ لەوە پێش لە گەڵ کوڕێکی خەڵکی دێهلۆڕان پەیوەندی خۆشەویستی هەبوە و لەبەر ئەوەیکە کوڕەکە لەگەڵ مریەم زەماوەندی نەکردووە، کوشتویەتی.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مریەم لەمبارە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە، کە موستەفا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو چەندین جار خوشکەکەی تا ئاستی مردن ئازار و ئەشکەنجە داوە و جارێکیش دەست و لاقی شکاندووە.

ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە موستەفا ڕۆژی یەکشەممە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵەی ٢٠١٩وە هەتا ئێستا ١١ ژن لە کوردستان لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە کوژراون کە ٤ حاڵەتیان بە بیانوو و لەژێر ناوی پاراستنی شەرەف و نامووس بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە