برسی ڕاگرتنی بە ئەنقەستی بەندکراوانی ژن لە بەندیخانەی ئورمیە

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەشە خۆراک و نانی وشکی بەندکراوانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کەم کراوەتەوە بە جۆرێک کە بە هۆی کەمبوونی خۆراکەوە ڕۆژ

٢٠ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٢:٠٤


هەنگاو: دووشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەشە خۆراک و نانی وشکی بەندکراوانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە کەم کراوەتەوە بە جۆرێک کە بە هۆی کەمبوونی خۆراکەوە ڕۆژانە زیاتر لە ٤٠ بەندکراو لە بەشە خۆراکی خۆیان بێبەش دەبن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: ''لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەر بەندکراوێک لە ڕۆژدا تەنیا یەک نانی وشکی بەر دەکەوێت و بەهۆی کەمی خۆراکەوە ڕۆژانە زیاتر لە ٤٠ بەندکراو لە وەرگرتنی خۆراکی بەندیخانە بێبەش دەبن''.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە کە بەهۆی کەمبوونی خۆراک لە ناو بەندیخانە بەندکراوان ناچارن کە خواردن لە فرۆشگای بەندیخانە بە دوو بەرامبەری نرخی دەرەوەی بەندیخانە بکڕن و هەر بۆیەش ڕۆژانە تێچووی خۆراکی ڕۆژانەیان زیاتر دەبێت لە ٣٠٠ هەزار تمەن کە زۆربەی بەندکراوان توانایی دابین کردنی ئەو بڕە پارەیان نییە.

جێگای باسە کە مافی خۆراک بۆ ئەو کەسانەی کە بەندکراون یەکێک لە بنەڕەتی ترین مافەکانە کە بێبەشکران لەو مافە دەتوانێت مافی ژیانی ئەو کەسە بخاتە مەترسییەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم کردەوە و برسی ڕاگرتنی بەندکراوان، ئەم پرسە بە هێمای ئاشکرای ئەشکەنجە دەزانێت و داوا دەکات بەرپرسانی بەندیخانە و داواکاری گشتیی ئورمیە لە بەرامبەر تەندروستی بەندکراوان وەڵامدەر بن.

جێگای ئاماژەیە کە لانی کەم ٦ بەندکراوی سیاسی ژنی کورد یەک لەوان سوعدا خەدیرزادە کە بە تازەیی منداڵەکەی لەدایکبووە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە