برسی ڕاگرتنی ژنانی بەندکراو لە بەندیخانەی سنە هێمای ئاشکرای ئەشکەنجەیە

هەنگاو: بەرپرسانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە لە مانگی ڕەمەزاندا تەنیا یەک ژەم خۆراک بە بەندکراوان دەدەن و ئەمەش بەندکراوانی بەرەوڕووی کێشە

٢٣ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٤:٥٦

 

هەنگاو: بەرپرسانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە لە مانگی ڕەمەزاندا تەنیا یەک ژەم خۆراک بە بەندکراوان دەدەن و ئەمەش بەندکراوانی بەرەوڕووی کێشەی جەستەیی و دەروونی کردووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، دوای هاتنی مانگی ڕەمەزان بەرپرسانی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە کە بە بەندی ژنان ناسراوە بە لابردنی دوو ژەمی بەیانی و نیوەڕۆ لە ڕیزبەندی خۆراکی ڕۆژانە، بەندکراوانیان بەرەوڕووی کێشەی جددی کردووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەنیا ژمارەیەکی کەم لە بەندکراوەکان ڕۆژوو دەگرن. سەرباری ئەمەش زۆربەی بەندکراوان کە بە ڕۆژوو نین بە ئەنقەست لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە برسی ڕابگیرێن و لە ٢٤ کاتژمێردا تەنیا ژەمێک خۆراکیان پێ دەدەن و ئەویش لە کاتی بەربانگدایە.

جێگای باسە کە مافی خۆراک بۆ ئەو کەسانەی کە بەندکراون یەکێک لە بنەڕەتی ترین مافەکانە کە بێبەشکران لەو مافە دەتوانێت مافی ژیانی ئەو کەسە بخاتە مەترسییەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم کردەوە و برسی ڕاگرتنی بەندکراوان، ئەم پرسە بە هێمای ئاشکرای ئەشکەنجە دەزانێت و داوا دەکات بەرپرسانی بەندیخانە و داواکاری گشتیی سنە لە بەرامبەر تەندروستی بەندکراوان وەڵامدەر بن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە