بریندار بوونی دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان

١٤ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ٢١:١٦

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دو کۆڵبەری کورد لە کاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی نەوسوود و بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (٤ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوودی پارێزگای کرماشان تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی سینا کەرەمی بە سەختی بریندار بووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەزەڵوەر (٢ی نۆڤەمبر)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی بانە تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە و کۆڵبەرێک بە سەختی پێکراوە.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری بانه ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی هیدایەت حوسێنی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی سەردەشت ڕاگەیاندووە کە دەستی بەسەختی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانیەکانی شاری سنە کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە