بریندار بوونی سێ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ کۆبەری دیکە لە سنوورەکانی کوردستان بریندار بوون کە باری تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە.

١٩ ڕێبەندان ٢٧١٨، ١٨:٥٥

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ کۆبەری دیکە لە سنوورەکانی کوردستان بریندار بوون کە باری تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنج شەممە (١٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ / ٧ی فێوریەی ٢٠١٩)، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی ”بەرقڕوو“ سەر بە بەخشی کەڵاتەرزانی شاری سنە لە کاتی کۆڵبەری لە بەرزاییەکانی ژاڵانەی هەورامان بە هۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرێکەوە بە سەختی بریندار بوو.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری مەریوان ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی ”ئیبراهیم ئەفزەلی“ ڕاگەیاندووە کە سەری بە سەختی بریندار بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەی ئەو شارە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

ئیبراهیم خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، باری تەندروستی ناجێگیرە.

لەلایەکی دیکەوە، کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٥ ساڵی خەڵکی سەردەشت بە ناوی ”سامان بەخشی“ کوڕی سەلیم لە بەرزاییەکانی بەیتووشی ئەو شارە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێکراوە و پێ و پشتی بریندار بووە.

هەروەها، بە پێی ڕاپۆرتێکی (ماف نیوز)، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی ”مێهدی فارۆق زادە“ لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە بە تەقەی هێزەکانی ئێران پێکراوە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سنە کراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە