بریندار بوونی سێ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ کۆڵبەر لە سنوورەکانی پیرانشار، چالدێران و سەردەشت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.

١٩ بەفرانبار ٢٧١٩، ٢١:١٧

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ کۆڵبەر لە سنوورەکانی پیرانشار، چالدێران و سەردەشت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧١٩ ( ٩ی ژانویەی ٢٠٢٠)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری چالدێران تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی ”مەجید مەزڵوومی“ بە سەختی پێکراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەجید مەزڵوومی گولە بەر دڵی کەوتووە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی باکووری کوردستان کراوە. باری تەندروستی ناوبراو ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی ڕابردوو ١٨ی بەفرانبار (٨ی ژانویە) کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی نەغەدە بە ناوی ”ئومید حەیدەری“ لە سنوورەکانی پیرانشار بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراوە.بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو لاقی پێکراوە.

هەروەها، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی ” شوان عەبدوڵڵاهی“ لە سنوورەکانی ئەو شارە بووەتە ئامانجی هێزەکانی سپای پاسداران و بە سەختی بریندار بووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩ی زایینیدا ٢٥٢ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٧٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە