برینداربوونی کۆڵبەرێک لە پیرانشار و دەستبەسەرکرانی دوو کۆڵبەر

هەنگاو: هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری پیرانشار کۆڵبەرێکیان داوەتە بەر دەستڕیژی گوللە و دوو کۆڵبەری دیکەیان دەستبەسەر کردووە.

٢٥ سەرماوەز ٢٧١٨، ١٤:٠٠

 

هەنگاو: هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری پیرانشار کۆڵبەرێکیان داوەتە بەر دەستڕیژی گوللە و دوو کۆڵبەری دیکەیان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕؤ یەکشەممە (٢٥ی سەرماوەزی ٢٧١٨ / ١٦ی دێسامبری ٢٠١٨)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری کانی خودای پیرانشار دەستەیەکی کۆڵبەرانیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لەئاکامدا کۆڵبەرێک بە سەختی بریندار بووە.

هەواڵنێری هەنگاو لە پیرانشار ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە بریندارەی ”نادر نەبی زادە“ خەڵکی گوندی زێویە ڕاگەیاندووە.

ئەو کۆڵبەرە لاوە بە سەختی پێکراوە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی پیرانشار کراوە.

هەروەها دوو کۆڵبەری دیکەش دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناویان بۆ هەنگاو ئاشكرا نەبووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند کە هێزە چەکدارەکان دەستیان بەسەر کۆڵ و بارەکانی ئەو کۆڵبەرانە گرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە