بریندارکرانی ٤ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان

هەنگاو: لە رۆژانی رابردوودا لانیکەم ٤ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی نەوسوود، بانە و چاڵدێران بریندار کراون.

٣١ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٢:٢٤


هەنگاو: لە رۆژانی رابردوودا لانیکەم ٤ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی نەوسوود، بانە و چاڵدێران بریندار کراون.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٠( ٢١ ژوئیەی ٢٠٢٠)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری چالدێران دەستڕێژییان لە کوڵبەران کرد و بەو هۆیەوە کۆڵبەریک بە ناوی " وەیسی حوسێن نژاد" خەڵکی گوندی "سگریک" بە سەختی بریندار بوو. بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ناوبراویان گواستۆتەوە بۆ ناوەندەکانی چارەسەریی پزیشکی لە شاری وانی باکووری کوردستان.


لە لایەکی دیکەوە رۆژی دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕ( ٢٠ی ژوئیە)، کوڵبەرێکی خەڵکی شاهۆ لە ناوچەی رەوانسەر بە ناوی " ئومید محەممەدی" لە کاتی هەڵاتن لە دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرزاییەکانی سنووری نەوسوود کەوتە خوارەوە و لاقی بە سەختی بریندار بووە.


بە پیی هەواڵێکی دیکە کە بە هەنگاو گەیشتووە، رۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی خەڵکی بۆکان بە ناوی" میکائیل خوسرەوی" لە سنووری هەنگەژاڵەی بانە کەوتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و بە سەختی بریندار بووە و ئیستا لە بەشی چاودێریی تایبەت( ئای سی یوو)ی نەخۆشخانەی بانە دایە.


هەر ئەو رۆژە کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی " رامین بەلخکانلوو" خەڵکی گوندی " کشمش تەپە" ی ماکۆ، لە بەرزاییەکانی چاڵدێران کەوتە بەر دەستڕێژی گوللە و بە سەختی بریندار بووە و ئێستا لە ناوەندیی چارەسەریی پزیشکیی ئورومیەدایە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە