بڕیاری دەستبەسەر کردنی فەرانەک جەمشیدی درێژکرایەوە

هەنگاو: بڕیاری دەستبەسەر کرانی فەرانەک جەمشیدی چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە بۆ جاری سێهەم درێژکرایەوە.

٨ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٢:١٢

 

هەنگاو: بڕیاری دەستبەسەر کرانی فەرانەک جەمشیدی چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە بۆ جاری سێهەم درێژکرایەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٧ ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، بڕیاری دەستبەسەر کرانی  فەرانەک جەمشیدی، ژینگەپارێز و ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان بۆ جاری سێهەم لەلایەن لقی دووهەمی دادگای گشتی و شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر ”شالگەردی“ درێژکرایەوە.
 

بڕیاری درێژکرانەوەی ماوەی دەستبەسەر کردنی فەرانەک جەمشیدی لەحاڵێکدایە کە بە پێی بڕیاری پێشوو دەبێ ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی ڕەزبەر بڕیاری دەستبەسەر کرانەکەی بگۆڕدرایە و بە دانانی بارمتە ئازاد بوایەت.


هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ، فەرانەک جەمشیدی ڕۆژانە لە ئیدارەی ئیتلاعات لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و شەوانەش دەبرێتەوە ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (ناسراو بە بەندیخانەی ژنانی سنە). تحمەتی ”هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات“ و ”پڕوپاگەندە دژی نیزام“ خراوەتە پاڵ ئەو چالاکە ژینگەپارێزە.


فەرانەک جەمشیدی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢٨ی ژوئەنی ٢٠٢٠)،لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە