بە هۆی خۆمپارە بارانکردنی ئێران شوانێکی خەڵکی پیرانشار گیانی لە دەست دا+ فیلم

هەنگاو: بە هۆی خومپارەبارانکردنی بێ ئامانجی بەرزاییەکانی قەندیل لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە شوانێکی کورد گیانی لە دەست دا.

٢٨ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٧:٣٥


هەنگاو: بە هۆی خومپارەبارانکردنی بێ ئامانجی بەرزاییەکانی قەندیل لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە شوانێکی کورد گیانی لە دەست دا.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٠( ١٨ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بەرزاییەکانی سنووری قەندیلیان لە ناوچەی پیرانشار بێ ئەوەیکە ئامانجێکی روونیان هەبێ دایە بەر خۆمپارە.


بە هۆی ئەو خومپارەبارانکردنەوە، شوانێکی لاو بە ناوی "رەسووڵ باکەند" خەڵکی گوندی " بازرگان"ی پیرانشار بە سەختی بریندار بوو و پاش گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، گیانی لە دەست دا.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ، هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی سنووری دەشتی وەزێنەی سەردەشت تەقەیان لە شوانێک بە ناوی ”یووسف ئەحمەدی“ کرد و کوشتیان. هەروەها ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان، شوانێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی چۆمان بە ناوی ڕێبین ئیسماعیل بە سەختی بریندار کرا.


لە ماوەی ڕابردوودا هەنگاو وێڕای ڕووماڵکردنی گواستنەوەی چەک و چۆڵ بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارانەوە، بە نیسبەت دەست نەپاراستنی سپای پاسداران لە هاووڵاتیانی مەدەنی و ماڵ و موڵکیان لە هەر دوولای سنوور، هوشداری دابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە