بەرزان محەمەدی ٤٣ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە

هەنگاو: بەرزان محەمەدی بەندکراوی سیاسی کورد لەگەڵ بەندکراوێکی دیکەی خەڵکی تاران ماوەی ٤٣ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرووە.

٥ بانەمەڕ ٢٧١٩، ١١:٤٣

 

هەنگاو: بەرزان محەمەدی بەندکراوی سیاسی کورد لەگەڵ بەندکراوێکی دیکەی خەڵکی تاران ماوەی ٤٣ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرزان محەمەدی خەڵکی سەوڵاوا و علیڕەزا شیرمحەمەد لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، بە نێشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی خراپیان لە بەندیخانەی فەشافویەی تاران، مانیان لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی فەشافویە، سەڕەڕایی تێپەربوونی ٤٣ ڕۆژ لە مانگرتنی ئەو دوو بەندکراوە، هیچ یەک لە داخوازیەکانیان لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە جێبەجێ نەکراوە.

پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە ، یەکێک لە ئەفسەرانی بەندیخانە بە ناوی رەزا حەقوەردی، سەرەڕای بێرێزی بە بنەماڵەی ئەو دوو بەندکراوە سیاسیە وتوویەتی”ئاکامی مانگرتنی منداڵەکانتان، مردنی ئەوانە و هیچ ئاکامێکی دیکەی نابێت”.

ئەو دوو بەندکراوە ڕایانگەیاندووە کە تا گەیشتن بە داخوازییەکان لە مانگرتن بەردەوام دەبن. ئەوان داوای باشتر بوونی دۆخی شوێنی ڕاگیرانیان و گواستنەوەیان بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران کردووە.

بەرزان محەمەدی کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی گۆشخانە سەوڵاو، ڕۆژی هەینی (١٢ی گەلاوێژی ٢٧١٨ / ٣ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی تارانەوە دەستبەسەر کراوە.

ناوبراو رۆژی چوارشەممە (١١ی ڕەزبەری ٢٧١٨ / ٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی  دادوەر سەڵەواتی، بە هۆی بەشداری لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی مانگی گەلاوێژی تاران و چالاکی دژی نیزام حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە وە بۆ سێ سال و ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە